تەمەنی باڵەخانەکان چەندە؟
هەڕەمی مەزنی جیزا لە بەرزی 140 مەتر بۆ 4,500 ساڵ خۆیڕاگرتووە، بەڵام ئێمە لە ئێستادا بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک بینای بەرز دانە لەدوای دانە هەڵدەچنین. بەڵام وەک هەمووشتێک باڵەخانەکانیش تەمەنیان هەیە، وە تاقیکردنەوەیەکی نوێ پرسیاری بۆ دروستکردوین لەبارەی ئەم بابەتەوە لەبەرئەوەی تەمەنی بەرزترین باڵەخانەکانی کە ڕوخێندراون 47 ساڵە.
ئەوەی دەڕواتە سەرێ ئەبێت بێتەوە خوارەوەش، مرۆڤایەتیش چەند بینایەکی گەورەی دروستکردووە و ڕووخاندووە لەوەتەی باڵەخانە پەیابووە. بەرزترین دانە بینای سینگەر (Singer) بوو لە نیۆرک، 187 مەتر بەرزبوو و لە 1968 ڕووخێندرا. ئەمە لە کاتی خۆیدا بەرزترین بینابوو لە جیهاندا، بەڵام لە ئێستادا بورجی خەلیفەمان هەیە (828 مەتر)، تۆبڵێی ئەمیان بەرگەی چەند بگرێت؟ لە ئێستادا پلان هەیە بۆ ڕوخاندنی ئۆفیسەکانی 270 پارک ئەڤێنو (270 Park Avenue) لە نیۆرک کە 216 مەتر بەرزە، ئەمەش یەکەمجارە بینایەک بەم درێژیە بڕوخێندرێت، و تەمەنی 57 ساڵە، بەڵام ئەم کارە گفتوگۆی زۆری لەسەر کەوتۆتەوە لەبەر هۆی کلتوری.
بێگومان ئەم بینایانە کە دەڕووخێندرێن تەنها بینای لەخۆیان بەرزتر جێگەیان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بۆشاییـەکەی کە گرتوویانە بە شێوەیەکی باشتر بەکاربهێنرێت. بەشێوەیەکی ئابووری ئەمە کارێکی ژیرانەیە، بەڵام لێرەدا بەکارهێنانی کەرەستەکان و دەرئەنجامە ژینگەیی و ئەندازیاریی ئەم کردارە و دیزاینە ڕەچاوناکرێت. هەمووان بینا بەرزدەکەنەوە کە بۆ 10 ساڵێک قازانجیان بۆ بهێنێت بێئەوەی بیربکەنەوە لەوەی چی بەسەردێت لە دوای 50 ساڵ.
دانیێڵ سەفارک (Daniel Safarik)، ئەندازیار و نووسەر لە ئەنجومەنی بینا بەرزەکان و شوێنە نیشتەجێبوونیە شارستانیەتیەکان (Council on Tall Buildings and Urban Habitant: CTBUH)، لەبارەی ئەمەوە دەڵێت: "لەزۆرینەی شوێنەکانی جیهان بنیاتنانی قاتێک بەرزتر لە 200 مەتر نرخی زۆر زیاترە لە قاتەکانی پێشتر لەبەرئەوەی خۆڕاگری بیناکە دوای ئەو خاڵە قورستردەبێت و گەیاندنی کەرەستە و کرێکار نرخی بەشێوەیەکی دیار بەرزترە. ئەگەر ڕێگایەک نەدۆزینەوە بۆ بەهێزکردنی خۆڕاگری بیناکان ئەوا لە چەند دەیەیەکی تر کێشەمان بۆ دروست دەکەن چونکە نرخی ڕووخاندنی ئەم بینایانە بەرزە ئەگەر باسی کێشەی تری وەک دەنگ و کەوتنەخوارەوەی پارچە و مەترسیەکان بکەین. ئەگەر تەنانەت بە باشیش بڕوات ئەوا سامانی زۆر بەفیڕۆ دەچێت لەبەرئەوەی چیمەنتۆ ناکرێت بەکاربهێندرێتەوە." هەندێک ڕێگا هەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە کە ئێستا باویان هەیە لە پیشەسازیەکەدا، دەتوانین هیوا بخوازین کە لە ڕێگەی ئەمانەوە گۆڕانکارییەک بکرێت بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر ببەخشین بە ژینگە و شارستانیەتەکەمان.
سەرچاوە : How long should a skyscraper live for?