گۆگڵ 5 بلیۆن دۆلار غەرامە کرا
لەدوای لێکۆڵینەوەیەک لە کارەکانی کۆمپانیای گۆگڵدا (Google) لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن کۆمیسیۆنی ئانتیترەستی یەکێتی ئەوروپا (European Union's Antiturst Comission) بڕیاردرا کە غەرامەی 5 بلیۆن دۆلار بکرێت لەبەر تاوانبارکردنی بە بەکارهێنانی جێی زاڵی لە بازرگانی موبایلدا و سیستەمەکەی، ئاندرۆید (Android)، بۆ ڕێگرتن لە پێشبڕکێ لە بەرامبەری.
ئەم بڕیارە لەسەر 3 بەند کۆکراوەتەوە کە بەپێی کۆمیسیۆنەکە، دژی یاساکانی ئانتیترەستن. ئەوانیش بریتین لە: بەزۆریکردنی دابەزاندنی بەرنامەکانی گۆگڵ و سێرچەکەی لە سەرجەم موبایلەکانی ئاندرۆیدا. پێدانی پارەیە بە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بۆ دانانی سیستەمی ئاندرۆید. ڕێگەنەدان بە دابەزاندنی بەرنامەکانی گۆگڵ لەسەر موبایلی ئاندرۆید کە گۆڕدرابێت.
گۆگڵ وەڵام دەداتەوە بەوەی کە هەندێک بەرنامە پێویستن بۆ کارکردنی موبایلەکە و لەبەرئەوەی سیستەمەکە بەخۆڕایی دەبەخشن ئەوە مافی خۆیانە کە چەند مەرجێک دابنێت بۆ قازانجیان. هەروەها بۆ پارەدانەکە دەڵێن کە پێویستی دەکرد بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی سیستەمەکە. کۆتاهەمین خالیش لە بەرگری گۆگڵدائەوە بوو کە بڕیارەکانیان بۆ پاراستنی یەگرتووی سیستەمەکە و کارکردنی باشتر پێویستبوو و پێشیان وایە بەبێ یاسا سیستەمەکە زۆر لقی لێدەکەوێتەوە و زیان بە بەکارهێنەر و فرۆشیار و گەشەپێدەرەکان دەگەیەنێت.
گۆگڵ 90 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێش ئەوەی ئەگەری باج بێتە کایەوە. هەرچەندە 5 بلیۆن زیان ناگەیەنێت پێیان بەڵام ئەمە سەرنجدەخاتە سەر دەسەڵاتی کۆمپانیا گەورەکان لەم جیهانە ئەلیکترۆنیەماندا.