خانوویەکی سادە و ژینگە دۆست لە پاشماوە بنیاتنرا
ستۆدیۆی تەلارسازیی GPA&A لەگەڵ کۆمپانیای پۆڵا Gerdau لەم دواییانەدا خانوویەکی سادەی بنیاتنا بە پاشماوەی کاری هەڵکەندن. بەناوی Sustentable House، پڕۆژەکە 45م دووجا ڕووبەری هەیە و بەشێکە لە پرۆگرامێکی تایبەت بۆ دروستکردنی بیرۆکەی ژینگەدۆستانە لە پیشەسازی هەڵکەندنەوە.
خانووەکە بنیاتنراوە لە پاشماوەی هەڵکەندنەکان کە بەکارهێنراونەتەوە و توانراوە بە سەرکەوتوویی، وە بە توانا و بیرکردنەوەی 30 کەس، بگۆڕدرێن بۆ بلۆک و کەرەستەی تری بنیاتنان.
دیزاینی کۆتایی پڕۆژەکە نەخشەیەکی سادە و مۆدێرنی لێدەرچووە بە بۆشایی فراوان و شووشەی زەوی تا سەقفی، لەگەڵ ژوورەکانی خەوتن، تەوالێت، مەتبەخ، وە ژووری دانیشتن کە بە ڕووی باخچەکەدا دەکرێتەوە. هەروەها کارەکە هەستێکی تایبەتی تێدا دیارە بەهۆی نەشاردنەوەی بەشیک لە بلۆککاریەکە و کێبڵەکان.
هەروەها لە دانانی پەنجەرەکاندا گرینگی بە هاتوچۆی هەوا دراوە لەکاتێکیشدا بەشەکانی دەرەوە سێبەری باش دروستدەکەن لە ماوەی ڕۆژەکەدا. لەگەڵ ئەمانەشدا خانووەکە وا دروستکراوە کە وزەی خۆر و با بەکاربهێنێت و سیستەمی گەرمکردنی ئاو بە خۆر و کۆکردنەوەی ئاوی بارانی تێدابێت.
لەکۆتادا دەکرێت بوترێت کە ئەم پڕۆژەیە وەک نموونەیەکە لەسەر توانای پیشەسازی هەڵکەندن و بوارەکە بە گشتی، لە یارمەتیدانی بنیاتنان و تەلارسازیی بەهۆی پاشماوەکانیان.