هۆڵێکی کۆنسێرت لە چین شێوەی بەردی هەیە
پێشتر باسی پڕۆژەی ڤێلایەکمان کردبوو کە بەناو بەردا هەڵکۆڵدرابوو، ئەم هۆڵی کۆنسێرتەش بە ناوی Chapel of Sound کە لەلایەن OPEN Architectureەوە پلانی بنیاتنانی بۆ دانراوە وا دیزاینکراوە کە شێوەی بە بەرد بچێت.
هۆڵەکە دەکەوێتە باکوری بێیجینگ لە نزیک دیواری مەزنی وڵاتەکە و بەشێکە لە پلانێکی گەورەتر بۆ پەرەدانەوە بە ناوچەکە. بە ڕووبەری 790م دووجا، بیناکە وەک ستەیجێکی و شانۆیەکی دەرەکیش کاردەکات و لە ڕووی پێکهاتەوە پێکدێت لە کۆنکرێت و بەردی شکێندراوی ناوچەکە بۆ بەخشینی سیمایەکی سروشتی.
هەروەها لە دیزاینەکەدا بە وردی پلان بۆ بەشی کراوە داندراوە کە دیمەنی ژینگەکە و ئاسمان بهێنێتە ناو بیناکە و لێدانی تیشکی خۆر کۆنتڕۆڵ بکرێت و بە شێوەیەکی جوان دابەش بکرێت لەگەڵ کاتە جیاوازەکانی ڕۆژەکە. ئەگەریش هیچ نەبوو پێشکەشبکرێت لە هۆڵەکە، دەتوانیت دابنیشیت و سەرنجی جوانی سروشت بدەیت لە دەورت.
تەواوکردنی سەقفی بیناکە دەبێتە کۆتایی کاری ئەمساڵ لەسەر پڕۆژەکە لەبەر هاتنی زستان. کارەکان لە 2020 دەستپێدەکاتەوە لە هەمان ساڵدا پێشبینی تەواوبوون دەکرێت.
سەرچاوە : OPEN Architecture