خانووی دژە بوومەلەرزە (Earthquake-proof Buildings)
دوای بوومەلەرزە گەورەکەی ووڵاتی یابان ڕەنگە ئێمە زۆربەمان لەخۆمان بپرسین ئایا دەکرێ خانوویەک دروست بکرێت کە بوومەلەرزە کاریگەری لەسەر نەبێت؟ وەڵامەکە دەکرێ بەڵێ بێت وە دەکرێ نەخێر بێت.
بۆچی بەڵی و بۆچی نەخێر؟ چونکە بێگومان ئەندازیارەکان هەندێ تەکنیک بەکار دهێنن بۆ دروستکردنی خانوویەکی پێکهاتە بەهێز، کە بتوانێ بەرگەی بومەلەرزە بگرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو تەکنیکانەش لەکاتی ڕوودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز دەکرێت خانویەکی بەهێز و پتەو کە لەلایەن باشترین ئەندازیار دروستکرابێت تووشی زیانێکی گەورە ببێت و هەرەسبێنێ.
وەک ئەزانین بوومەلەرزەکەی چیلی کەلەسەر پلەی ڕێختەری 8.8 بوو لەساڵی 2010 ڕویدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی 700 کەس، بەڵام لەهەمان ساڵدا لە 2010-01-12 بوومە لەرزەیەک بە پلەی ڕێختەری 7.0 لە هایتی دا کە گیان لەدەستدانی نزیکەی 200,000 کەسی لێکەوتەوە.
وەک ئەبینن جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ڕێژەی مردنی ئەم دوو ووڵاتە، و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە جیاوازیەکی زۆر لەشێوازی دروستکردنی خانوو لەم دوو ووڵاتە هەیە، کەواتە بیناسازی و تەکنیکیەکان کاریگەریەکی زۆر گەورەیان هەیە لەسەر ڕێژەی مردن بەهۆی بوومەلەرزە.
چەن ریگایەک هەیەبۆ کەمکردنەوەی کاریگەری بومەلەرزە لەسەر خانووەکانمان وەک:
- بۆ بنچینەی خانووەکەت سوچی هەر لایەکی خانووەکەت لە ژێر زەویەکەدا ببەستەرەوە بە چەن ستوون(کۆلەکە)یەکی پۆڵایین کە بەهێزو جیڕی دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی بجوڵێتەوە بێ ئەوەی بشکێ، و لە کاتی ڕوودانی بومەلەرزەدا خانووەکە بە شێوەیەکی کەم لەگەڵ بوومەلەرزەکەدا بجوڵێتەوە بێئەوەی خانووەکە بڕوخێ یاخود لە شوێنی خۆی بترازێ.
- پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە لم و وردە بەرد و پارچە خشتی شکاو بۆ بنچینەی خانووەکەت بەکار بێنە.
- کۆنکریتێکی چیمەنتۆی بەهێز بەکاربێنە بۆ سەقفەکەت بۆ ئەوەی بە ئاسانی درز نەبات لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەدا.
- ئەو کۆنکرێتەی کە بەکاریدەهێنیت باشترە تێکەڵکرابێت لەگەڵ خشت بۆ ئەوەی کەمتر زیانی بەرکەوێ.
سەرچاوە: Earthquake-proof Buildings